دیواری چین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-12-00:37:00 - کۆدی بابەت: 4403
دیواری چین

ناوه‌ڕۆك

دیواری چین

دیواری مەزنی چین دوور و درێژترین و كۆنترین دیواری سنووری و سەربازی و بەرگری جیهانییە، درێژییەكەی 21196 كیلۆمەترە و لە ساڵی 1987 لە لیستی كلتووری جیهانی تۆماركراوە و لە ساڵی 2007 وەك یەكێك لە (حەوت سەیروسەمەرەكەی جیهان) دەستنیشان كرا.

ئەم دیوارە لە سەردەمی (چین شی هوانگ) تەواوكرا، پێشتر پادشاكانی پێشوو چەند بەشێكی دیوارەكەیان بۆ بەرگری لە ناوچەكەیان دروستكردبوو لە ترسی مەغۆل و توركەكان، و شی هوانگیش بەشە جیاجیاكانی پێكەوە بەستەوە و بەمەش دیوارێكی بە 25 هەزار بورجی چاودێری دروستكرد لە بەشی باكوور، كاركردن لەم دیوارەدا بەردەوام بوو هەتاوەكو ساڵی 204 پێش زایین، كە تێیدا 300 هەزار كەس بەشداربوون و زۆرێك لەو كەسانە بە بێگاری كاریان كردووە و بە زۆر هێنراون وەك كۆیلەكان، زۆرێكیشیان گیانیان لەدەستداوە، دواتریش هەریەك لە خێزانی هان و سۆی بەردەوام بوون لە كاركردن لە دیوارەكەدا هەتاوەكو ساڵی 618 زایینی، دواتر خێزانی مینگ لە (1368 بۆ 1644)ـی زایینی قوڕی دیوارەكەیان گۆڕی بۆ خشت و دابەشیان كرد بۆ نۆ بەشی بەڕێوبردن، كە بەڕێوبەری هەر بەشێك بەرپرسی نۆژەنكردنەوە و بەرگری بوو لەو ناوچەیەی لە دیوارەكە بۆی دیاری كرابوو، و لەو سەردەمە سووپای مینگ نزیكەی ملیۆنێك دەبوون لە دەوروبەری دیوارەكە.

ئێستا یەكێكە لە شوێنەوارەكانی جیهان و خەڵكانێكی زۆر ڕۆژانە سەردانی دەكەن و زۆرێك لە سەرمایەداران و كەسانی سیاسیش هەلی بینینی ئەو شوێنە لەدەست خۆیان نادەن.

پڕوپاگەندە دەربارەی دیوارەكە

زۆرجار دەیبیستین كە دەڵێن لە بۆشایی ئاسماندا یاخود لەسەر مانگدا دەتوانرێ دیواری چین ببینرێت، بەڵام ئەمە چەندین جار بە درۆ خراوەتەوە و تەنانەت بۆ پشتڕاستكردنەوە تێبینی كراوە و یەكێك لە كەشتیوانەكان دەڵێت دیواری چین لە 180 میل دووری زەوییەوە دیار نامێنێت و ناتوانرێ ببینرێ.


سەرچاوەکان



2092 بینین